زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی

سبەینێ لە پیرمام، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، لە بارەی کێشەی مووچە و یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا، کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڕیارە سبەینێ دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی، لە پیرمام کۆببنەوە.

بە پێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، لەبارەی یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا، پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڕێوەدەچێت.

لای خۆیەوە نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: شاندی پارتی بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ پێکهاتوون لە؛ نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری و مەحموود محەممەد. هەروەها شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتوون لە؛ بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، ڕەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز کۆسرەت ڕەسول و نزار ئامێدی.

کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە 21ـی ئایاری 2025، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بوو. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment