ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە گەڤەر دەستی پێكرد
رۆژانی رابردوو ئۆپەراسیۆن لە چەند ناوچەیەكی دیكە بەرێوەچوو

K24 - ھەولێر:
سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەی گەڤەری شاری جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان دەستپێكرد.
دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەكانی سوور، جزیر، ھەزەخ، لە باكووری كوردستان ئەمڕۆ سوپای توركیا بە بەشداری20 ھەزار سەرباز و پۆلیس، ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ دەست پێكرد، چاوەڕوان دەكرێت ئۆپەراسیۆنەكە دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو چوونەدەرەوە لە ناوچەی گەڤەر قەدەغەكرا، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن ھەزار و 500 شەرڤانی یەكینەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) و 400 گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناوچەی گەڤەر جێگیركراون.
رۆژنامەی یەنی شەفەق، كە رۆژنامەیەكی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە)یە، رایگەیاند :"بە 4 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان 24كاتژمێر چاودێری ناوچەكانی جۆلەمێرگ دەكرێت.
لە بارەی دەوامی خوێندن لەو ناوچانە ئۆپەرسیۆنی سەربازیانیان تێدا ئەنجامدەدرێت، وەزارەتی پەروەردەی توركیا رایگەیاند" لە رۆژی 14ی ئادارەوە دەوامی قوتابخانەكان لەو ناوچانە نییە، بەڵام ئەوەی ئاشكرا نەكرد چەند رۆژ دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن ناكرێت.
سەرچاوە: DHA