چیك مەسیحییەكانی عێراق دیپۆرتدەكاتەوە

"بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پەنابەرانە ھاوکاریکردنەکەی حکوومەتەکەی چیکیان پێشێلکردووە"

K24 – ھەولێر:

حکوومەتی چیک دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پەنابەری مەسیحی عێراقی راگه‌یاند، دوای ئەوەی ھەوڵیاندابوو لە چیکەوە بە قاچاخ بچنه‌ ئەڵمانیا.

میلان چۆڤانیڤ، وەزیری ناوخۆی چیک بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی راگەیاندووە: رۆژی شەممەی رابردوو، 25 پەنابەری مەسیحی عێراق کە حكوومه‌تی چیک مافی پەنابەرێتی پێدابوون، ویستوویانە به‌رێگه‌ی پاسێک و بە قاچاخ بچنە ئەڵمانیا، بەڵام پۆلیسی سەر سنووری دەستگیری كردوون و بڕیاریشە له‌ چەند رۆژی داھاتوودا ئەو 25 پەنابەرە عێراقییە رەوانەی وڵاته‌كه‌یان بکەنەوە.

وەزیری ناوخۆی چیکی ئەوەشی راگەیاندووە: کە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پەنابەرانە ھاوکاریکردنەکەی حکوومەتەکەی چیکیان پێشێلکردووە و بێڕێزیان لە یاسا و سەروەریی چیک کردووە.

مانگی دیسێمبەری رابردوو، حکومەتی چیک رازی بوو بەوەی 153 ئاوارەی مەسیحی عێراق، وەکو پەنابەر وەرگبرێت.

بەھۆی شەڕ و ھێرەشەكانی داعش زۆربەی كەمە نەتەوە و ئاینییەكانی عێراق ھەوڵی جێھێشتنی عێراق دەدەن، بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا.

Fly Erbil Advertisment