چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو پێگەیەکی داعش پێشڕەویی دەکەن

پێگەکەی داعش نزیکی سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیایە

K24-هەولێر

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو شارۆچکەی راعی بندەستی داعش لە نزیکی سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیا، پێشڕەویی دەکەن.

چەند چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە بە ئاژانسی هەواڵنێری رۆیتەرزیان راشگەیاند: "چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو شارۆچکەیەکی (راعی لە پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا) بندەستی داعش لە نزیکی سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە لە پێشڕەویدان".

بەپێی سەرچاوەکان ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لە دژی داعش لە پێشڕەویدان بریتین لە چەند گرووپێکی کە لە ژێر سێبەری گرووپی لیوای سوپای سووریای ئازاد دەجەنگن و لە لایەن تورکیاوە پڕ چەک کراون.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە بە درێژایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگە چەکدارانی داعش لە بەرامبەر هێرشی سوپای حکوومەتی سووریا شکست تۆمار دەکەن و پاشەکشێ دەکەن و تا ئێستا دوو شاریان لە دەستداوە کە بریتین لە تەدمور و ئەلقەرییەتەین لە پارێزگای حیمس لە سووریا.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment