چەند ناوچەیەكی باكووری كوردستان دەكرێن بە ھەرێمی سەربازی

K24 - ھەولێر:
بەھۆی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا زۆربەی ناوچەكانی شەمزینان و گەڤەڕی سەر بە شاری جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان وەك ناوچەی سەربازی دیاركران.
لە راگەیاندراوێكدا پارێزگای جۆلەمێرگ لە باكووری كوردستان رایگەیاند: "بەھۆی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا لە زۆربەی چیا و ناوچەكانی دەڤەری شەمزینان و گەڤەڕێ وەك ناوچەی ئەمنی تایبەت دیار كراون، بڕیارە ئەو بڕیارە لەسەر ئەو ناوچانە لە 18ی ئەم مانگە دەست پێ بكات تا 2 مانگی داھاتوو بەردەوام دەبێت".
پارێزگای جۆلەمێرگ ئەوەشی خستەڕوو: "ئامانج لە دیاركردنی ئەو ناوچانە وەك ناوچەی سەربازی، بەھۆی زیادبوونی ئەندام و لایەنگرانی (پەكەكە) یە لەم سنوورە، ئەمەش وایكردووە ھاووڵاتیان ناتوانن بە ئاسانی كاروباری رۆژانە و ژیانی كۆمەڵایەتی خۆیان بەڕێ بكەن".
ئاشكراشی كرد: "بەھۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن سەرباز و پۆلیس لە ھەموو ناوچەكە بڵاو بوونەتەوە و تەواوی دەڤەرەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی توندی ئەمنی دایە".
لەو بارەوە پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامەد روونیكردەوە: "ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا بەڕێوەدەچێت لە گەڤەڕ و شەمزینان ژمارەیان 60 گوند دەبێت، لە 13ی ئادار لە ناوچەی جۆلەمێرگ ھاتووچۆ قەدەغەیە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوامە".
ئەمە لە كاتێكدایە كە شەڕ و ئاڵۆزیی لە زۆربەی ناوچەكانی باكووری كوردستان لە ئارادایە، بە گوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا رۆژانە شەڕ لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا روودەدات و زیانی گیانی لێ دەكەوێتەوە، بەم ھۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی باكووری كوردستان ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە و ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوونە.