پاکستانییەک بەهۆی تیکتۆک دەکەوێتە ژێر شەمەندەفەر و گیان لەدەستدەدات
بەسەر هێڵی شەمەندەفەردا رێی کردووە و هاوڕێکەی ڤیدیۆی بۆ تۆمارکردووە

K24 - هەولێر
گەنجێکی پاکستانی لەکاتێکدا خەریک بوو ڤیدیۆیەک بۆ تیکتۆکەکەی تۆماربکات، شەمەندەفەرێک خۆی پێدا کێشا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە رۆژی هەینی لە روابەندی نزیک ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان روویداوە و، رۆژی شەممە هێزە ئەمنییەکان هۆکاری مردنی گەنجەکەیان ئاشکرا کرد.
رەجا رەفاقەت زەمان، گوتەبێژی دەستەی فریاکەوتنی لۆکاڵی لە ناوچەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە ئەو گەنجە ناوی حەمزە ناڤیدە و تەمەنی 18 ساڵ بوو، لەسەر هێڵی ئاسنین رێیکردووە و هاوڕێکەی ڤیدیۆی تۆماردەکرد لەوکاتەدا شەمەندەفەر لێی داوە.
تیمەکانی فریاکەوتن چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام کاتێک گەیشتوون حەمزە گیانی لەدەستداوە.