نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان: بەداخەوە کەیسی رۆژنامەنووسی کراوەتە کەرەستەی موزایەدەی سیاسی

"ئەو کەیسەی لە دادگای تاوانەکانی دهۆک باسکراوە، بەهیچ شێوەیەک ئەو هاووڵاتییانە ئەندامی سەندیکا نەبوون و رۆژنامەنووسیش نەبوون"

حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان

K24 - هەولێر

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌باره‌ی دادگاییكردنی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی، رایده‌گه‌یه‌نێـت ئه‌وان وه‌كو سه‌ندیكا له‌گه‌ڵ لێكجیاكردنه‌وه‌ی تەواوی ده‌سه‌ڵاته‌كانن‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، داواش ده‌كات بڕیاری زیندانیكردنی هاووڵاتیان، به‌ دووربگیرێت له‌ ململانێی سیاسی و پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی یاساكان.

حاکم ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەدوای دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییانە بڵاوبوونەتەوە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17ـی شوبات/فێبرایەری 2021) میوانی کوردستان24 بوو و داوای کرد چیدیکە کەیسی رۆژنامەنووسی لە بەرژەوەندیی حیزب و لایەنەکان بەکارنەیەت، هەروەها ریفۆرم لە یاسای رۆژنامەنووسی لە کوردستان بکرێت.

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی "ئەمڕۆ لەدوای دەرکردنی بەیاننامەکەی ئێمە، زۆر قسە کراوە و دەمەوێت ئێستا بە راشکاوی باس لەوە بکەم، کە ئێمە وەکو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، هەمیشە پێمان وابووە یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی سیستەمی دیموکراتی ئەوەیە؛ دەسەڵاتەکان لەیەکدی جیابن، دەسەڵاتی دادوەری، بێگومان دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و هیچ کەس دەسەڵاتی بەسەرەوە نییە... لە ماوەی رابردوودا بەداخەوە کەیسی رۆژنامەنووسی زۆر خراپ بەکارهێنراوە، بەتایبەتی لەلای حیزبە سیاسییەکان و ناوەندەکان کرایە کەرەستەیەکی موزایەدەی سیاسی".

بەشێکی ئەو کەسانەی دادگاییکراون و سزادراون، دەگوترێت رۆژنامەنووسن، بەڵام حاکم ئازاد دەڵێ پێناسەی رۆژنامەنووس جیایە، هەرکەسێک لە پشت کۆمپیوتەرێکەوە دابنیشێت پێی ناگوترێت رۆژنامەنووس، "ئێمە پێمان وایە، رۆژنامەنووسان ئەو کەسانەن کاری رۆژنامەنووسی دەکەن، لە دەزگایەکی دیاریکراوی رۆژنامەنووسی. ئەو کەیسەی لە دادگای تاوانەکانی دهۆک باسکراوە، بەهیچ شێوەیەک ئەو هاووڵاتییانە ئەندامی سەندیکا نەبوون و رۆژنامەنووسیش نەبوون، بۆیە ئێمە لەو بەیاننامەیەدا وەکو هاووڵاتی ناومانهێناون".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، حاکم ئازاد جەختی کردەوە لەوەی "ماوەی چەند ساڵێکە، زۆر لایەن بەتایبەتی ئەوانەی نەفەسی ئۆپۆزیسیۆنیان هەبووە، هەوڵیانداوە بەهۆی حەساسییەت و گرنگیی رۆژنامەگەری، کەیسی رۆژنامەگەری بکەنە بابەتێک بۆ بەکارهێنان، هەرچەندە ئەمە وەفا نەبووە بۆ کاری رۆژنامەنووسی". دەشڵێت "بەداخەوە ئێمە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەرمان لە حکومەت و دادگاکان شێواندووە، تەنانەت سەرمان لە رای گشتیی کوردستانیش تێکداوە، جۆرێک لە چەواشەکردن هەیە لە کاری میدیا، کە تەنانەت سەریان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش تیکداوە".

کاری رۆژنامەنووسی لە کوردستان پێویستی بە هەندێک ریفۆرم هەیە، وەک نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە "نابێت بابەتی رۆژنامەنووسی، بەهیچ جۆرێک تێکەڵ بکرێت بە مەسەلەی چالاکوانی مەدەنی".

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment