رەوتی سەدر بانگەشە رادەگرێت
موقتەدا سەدر بۆ لایەنگرانی: پابەندی ئەم رێنماییە بن

K24 - هەولێر
رۆژی چوارشەممەی 6/10/2021، رەوتی سەدر بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق رادەگرێت.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، بەبۆنەی کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلامەوە، رۆژی چوارشەممە، بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگرن، داواشی لە ئەندام و لایەنگرانی رەوتەکەی کردووە پابەندی ئەم رێنماییە بن.
هەر پەیوەست بە راگرتنی بانگەشەوە لە هەرێمی کوردستانیش، هاوپەیمانی کوردستان کە لە یەکێتی و گۆڕان پێکدێت، لە ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی، ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی راگرت.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10/10/2021، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 24 ملیۆن و 299 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە هەڵبژاردنی پێشوەختە 8 هەزار و 273 بنکە هەن دابەشکراون بەسەر 55 وێستگە. لەم هەڵبژاردنەدا 988 هەزار کەس لە عێراق، بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن، کە لە دایکبووی 2001 و 2002 و 2003ـن.
بەگوێرەی دوایین لێدوانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تائێستا 17 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و تەنها ئەوانیش دەتوانن دەنگبدەن.