ئاسایشی سلێمانی: لە رێی چەند کەس و لایەنەکەوە هەوڵدرا ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕدرێت
بۆ مەرامی سیاسی و دروستكردنی گرژی و ئاژاوە ئەمەی کردووە

K24 - سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "لەڕێی چەند کەس و لایەنەکەوە بۆ مەرامی سیاسی هەوڵدرا بەدروستكردنی گرژی و ئاژاوە ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆردرێت".
لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە: "لە کاتێکدا خوێندکاران لەڕێی خۆپیشاندانێكی شارستانییەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕی و داواکاری خۆیان دەخستەروو، بە داخەوە لەڕێی چەند کەس و لایەنەکەوە بۆ مەرامی سیاسی هەوڵدرا بەدروستكردنی گرژی و ئاژاوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بگۆردرێ بەرەو توندو تیژی".
لەو راگەیەندراوەی ئاسایشی سلێمانی هاتووە: "پێمانوایە هەموو چین و توێژێک مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی یاسا و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی داوای مافی خۆیان بكەن یان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن، لە ھەمانكاتدا ئەرکی ئێمەیە رێگر بین و نەهێڵین یاسا پێشێل بکرێت و ئاسایش وئارامی شار تێکبدرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە بۆ داواکاری گێرانەوەی دەرماڵەکانیان خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام خۆپیشاندانەکان گرژی تێکەوت و پەلاماری چەند دامەزراوەیەکی حکومی و حزبی درا، هاوکات چەند کەسێک لەناو خۆپیشاندانەکە سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکەن، لەکاتێکدا داواکاری قوتابیان دەرماڵەیە نەک سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی نەتەوە و نیشتمان، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، دەستی کەس و لایەنی دیکە خزاوەتە ناو خۆپیشاندانی قوتابیان.