پارتی و یەکێتی لەسەر دوو پرس کۆدەبنەوە

كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ دوو شوێنی جیاواز ده‌بێت

لۆگۆی پارتی و یه‌كێتی
لۆگۆی پارتی و یه‌كێتی

K24 - هه‌ولێر:

بڕیارە سبەی دوو لیژنەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان، به‌ جیا لە هەولێر له‌ سلێمانی کۆببنەوە.

بڕیار وایە سبەی چوارشەممە، پارتی و یەکێتی بە دوو شاندی جیا لە هەولێر و سلێمانی کۆببنەوە، کۆبوونەوەکەی هەولێر لەسەر ئاستی ئەو دوو لێژنەیە، کە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی پێکیانهێناوە، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ئامادەکردنی پرۆژەیەکی سیاسی بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان عێراق، شاندی پارتی هۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات، برایار وایە شاندی یەکێتیش عیماد ئەحمەد سەرۆکایەتی بکات.

جیا لەو کۆبوونەوەیە، لەهەمان رۆژدا کۆبوونەوەیەکی دیکەی پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت، کۆبوونەوەکەی سلێمانی بۆ قسەکردنە لەسەر  دەستوور، هەڵبژاردن و  کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، شاندەکەی پارتی پێکدێت لە خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، شاندەکەی یەکێتیش پێکدێت لە رزگار حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و تەلار لەتیف، ئەندامی سەرکردایەتی.

پێشتریش ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: 3 لیژنە لەنێوان یەکێتی و پارتی پێکهاتووە، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كۆده‌بنه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment