پارتی و یەکێتی چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

سێ لیژنەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراوە
پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر

پارتی و یەکێتی، سێ لیژنەی هاوبەشیان پێکهێناوە و بریارە سبەی شاندی مەکتەبی سیاسی هەردوولا کۆببنەوە و چەند پرسێک تاوتوێ بکەن.

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "سێ لیژنە لەنێوان یەکێتی و پارتی پێکهاتووە، لە کۆبوونەوەی سبەی نێوان شاندی هەردوولا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت لیژنەکان کارا بکرێن".

گوتیشی: "یەکێک لە لیژنەکان پەیوەندی بە گفتوگۆکانەوەیە لە بەغدا، لیژنەیەکی دیکە بۆ بارودۆخی ناوخۆی سیاسی کوردستانە، وەک هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەروەها لیژنەیەکی دیکە پەیوەندیدارە بە کەشوهەوای راگەیاندن لەنێوان هەردولامان، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی وا بڕەخسێنرێت ئەو رێککەوتنەی بڕیارە لەنێوان هەردوولادا بکرێت جێبەجێ بکرێت".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی 3/1/2022ی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک، ستران عەبدوڵڵا گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کرا بۆ بەغدا".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، راشیگەیاند: "بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆسەی سیاسی عێراق، پێویستە هەموو لایەنەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی پێکەوەبن، لەسەر ئەم بنچینەیە پارتی و یەکێتی چەند گفتوگۆیەکیان کردووە، نیەتی ئەوە هەیە کە پێکەوەبن، کات لە قازانجی کورد نییە و پێویستە ئەو بابەتە زوو یەکلا بکرێتەوە، لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ئەوەخراوەتەڕوو ئەو پرسە بە کردەوە یەکلا بکرێتەوە".

دەربارەی دیارکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئاماژەی بەوەکرد: "تائێستا هیچ کاندیدێک بۆ پۆستە سەرەکییەکانی بەغدا دیار نەکراوە، نەک هەر کورد، بەڵکو پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش، بەڵام ئەوەی لەلایەن یەکێتی لە رووی مەبدەئییەوە جێگیر بووە، پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی کوردە و لەنێو کوردیش هی یەکێتییە، ئەمە لەلای یەکێتییەوە بڕاوەتەوە".