ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی مرۆیی ئۆکرانیا دەکات
زیاتر لە ملیۆنێک ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بوونە

K24 - هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە دەربارەی دۆخی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جارێکی دیکە دەربارەی هێرشەکانی رووسیا و دۆخی مرۆیی لە ناوخۆی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی سبەی دا، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوێبیستی راپۆرتی هەر یەک لە مارتن گریفیس رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کاترین راسل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی یونیسێف دەبن، کە تایبەتە بە هاریکاریکردنی منداڵان و سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبن.
بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بوونە.