هێمن هەورامی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەخاتەڕوو

"هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا بکرێت"

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەخاتەڕوو، راشیدەگەیەنێت، هەوڵدەدەن بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.

هێمن هەوارامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دوای جەژنی رەمەزان خۆم سەردانی د. رێواز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سکرتێری پەرلەمان و زۆربەی فراکسیۆنەکانمان کرد، دەستپێشخەری هەموومان بوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە، چونکە پەرلەمانی کوردستان نە موڵکی پارتییە نە یەکێتی و گۆڕان و هیچ لایەنێک، بەڵکو موڵکی خەڵکی کوردستانە، دەبێ پەرلەمانی کوردستان خۆی بەشێک بێت لە چارەسەر نەک ببێتە بەشێک لە کێشەکان، دوای ئەوەی کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کرد، هەرسێکمان هاوڕابووین کە داوا لە فراکسیۆنەکان بکەین و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە بکەین، بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بکەین، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باپیری سەرۆکی پەرلەمان نەتوانرا ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بکەین و بۆ سبەی دواخرا".

گوتیشی: "کۆبوونەوەکەمان بۆ چەند ئامانجێکە، یەکەم روانگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ لایەنەکان دەخەینەڕوو، هەروەها داوا لە فراکسیۆنەکان دەکەین دەرئەنجامی گفتوگۆیان لەگەڵ حزبەکانیان و روانگەیان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بخەنەڕوو، هەروەها بە هەموومان هەوڵبدەین هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت".

هێمن هەورامی، ئاماژەی بەوەشکرد: "وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان پێشوازی لەو هەنگاوەی سەرۆکی هەرێم دەکەین و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان بەرهەمی باشی هەبووە، هیوادارین ئەو روحیەتەی دروستبووە بۆ بەرپرسیاریەتی هاوبەش بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە".

Fly Erbil Advertisment