ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی هەڕەشەکانی داعش دەکات
گفتوگۆ لەبارەی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکرێت

K24 - هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر هەڕەشەکان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش کۆدەبێتەوە .
ئەمڕۆ سێشەممە 9/8/2022، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڕەشەکان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی رێکخستنەکانی داعش لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدات، لە کۆبوونەوەکەدا ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان قسەی لەبارەوە دەکرێت .
بەم دواییانە هێرش و هەڕەشەکانی رێکخستنەکانی داعش لە ناوچەکە روو لە زیادبوونە بەتایبەت لە عێراق و سووریا، رۆژانە تەکنیک و شێوازی نوێ بەکاردەهێنن لە هێرشەکانیاندا.
لە ساڵی 2014 رێکخراوی داعش بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و سووریای داگیر کرد، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بە پشتیوانی هاوپەیمانان توانرا زۆربەی ناوچەکان لە چنگ داعش دەربهێنرێن، بەڵام تائێستا لە هەندێک شوێن ماون و لەم دواییەشدا پەلامار و هەڕەشەکانیان زیادیکردووە.