پارتی ئایندەی توركیا: پرسی کورد له‌ توركیادا هەیە

نه‌دیم یامالی
نه‌دیم یامالی

K24 - هەولێر:

دوای ئه‌وه‌ی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاندبوو، لە تورکیا پرسێکمان نییە بەناوی "پرسی کورد"، ئه‌مڕۆ جێگری سه‌رۆكی پارتی ئاینده‌ی توركیا رایگه‌یاند، پرسی كورد له‌ توركیادا هه‌یه‌.

ئەردۆغان، لە میانه‌ی کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، گوتبووی: "ئێمە لە تورکیا پرسێکمان نییە بەناوی پرسی کورد، لە کابینەکەی مندا دوو هاوڕێ کوردمان هەیە و وەزیرن".

له‌مباره‌یه‌وه‌ نەدیم یامالی جێگری سەرۆکی پارتی ئایندەى توركيا، كه‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری توركیا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پرسی کورد له‌ توركیادا هەیە و حزبەکەیان لە هەوڵی ئەوەدایە لە رێگەی ده‌ستوور و سیاسەتەوە چارەسەری بکات.

یامالی راشیگەیاند، هیچ کوردێک لەتورکیا ناڵێت نەخێر من هیچ کێشەیەکم لەتورکیادا نییە، بۆیە پرسی کورد له‌ توركیادا هەیە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بێگومان پێویستە لە دەستووردا ئازادی بیرکردنەوە هەبێت، پارتی ئایندە بە دڵسۆزییەوە دەڕوانێتە پرسی کورد و بە دڵێکی فراوانەوە لێی نزیک دەبێتەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە.

Fly Erbil Advertisment