محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی دۆخی خانەقین هەڕەشە دەکات

داوا لە حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە دەکات رێگە بە هێزەکانیان بدەن بچنە خانەقین

محەمەد حاجی مەحموود
محەمەد حاجی مەحموود

K24 – هەولێر

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەردەوامبوونی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکان و دۆخی خانەقین و مەترسی لەسەر هاووڵاتییانی کورد، پەیامێک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەکات رایدەگەیەنێت: ئەگەر حکومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێت هێز بەکاربهێنێت، ئەوا داواتان لێ ئەکەین رێگای هێزەکانی پارتی سۆسیالیست بدەن، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەگەینە خانەقین.

محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی کردووە نووسیویەتی: "حکومەتی عێراق سەرەڕای وەزعی خراپی و بێسەروبەری و نەمانی شیرازەی وەک دەوڵەت وا بۆ ساڵێک دەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە حکومەتێک دابمەزرێنن. لەگەڵ ئەو وەزعە خراپەشدا، هێشتا کوردیان لەبیر نەچووە، وەزیری نەوت و دادگا زەلیلەکانیان هەر رۆژەو هەڕەشە و کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن".

لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە ناوچە دابڕاوەکانیش کورد لەسەر ماڵ و موڵکی باوباپیرانیان دەردەکەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مردو و گۆڕستانەکانی کورد، لەو ناوچانە لە زیندووەکانی نەتەوەکانی تر زیاترە، وا خۆشتان دەبینن بە دیل گیراون و ئێستا ئەو پاڵەوانانە هاتوونەتە شاری خانەقین و هەڕەشە و گوڕەشە و سیاسەتی بە عەرەبکردن لە دژی کورد ئەنجام دەدەن".

محەمەد حاجی مەحموود، دەڵێت: "ئەگەر حکومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێ هێز بەکاربهێنێ، داواتان لێدەکەین رێگای هێزەکانی پارتی سۆسیالیست بدەن لە ماوەی چەند سەعاتێکدا دەگەینە شاری خانەقین، رێگا نادەین بێگانە پۆستاڵی رەشیان لە خانەقین جێگیر ببێت".

دەقی پەیامی محەمەد حاجی مەحموود

بەڕێز وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سڵاو ڕێز ...

بەڕێزان .. حکومەتی عێراق سەرەڕای وەزعی خراپی و بێ سەروبەری و نەمانی شیرازەی وەک دەوڵەت وا بۆ ساڵێک دەچێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە حکومەتێک دابمەزرێنن.

لەگەڵ ئەو وەزعە خراپەشدا، هێشتا کوردیان لەبیر نەچووە، وەزیری نەوت و دادگا زەلیلەکانیان هەر ڕۆژەو هەڕەشەو کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.

لە ناوچە دابڕاوەکانیش کورد لەسەر ماڵ و موڵکی باوباپیرانیان دەرئەکەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مردو و گۆڕستانەکانی کورد، لەو ناوچانە لە زیندوەکانی نەتەوەکانی تر زیاترە، وا خۆشتان ئەبینن بە دیل گیراون و ئێستا ئەو پاڵەوانانە هاتونەتە شاری خانەقین و هەڕەشە و گوڕەشە و سیاسەتی بە عەرەب کردن لە دژی کورد ئەنجام ئەدەن.

جەیشی عێراقی لە شەڕی عەرەب ئیسرائیل زۆریان بەدیل گیران و ڕایان کرد، لە شەڕی نێوان ئێران عێراق سەدان هەزاریان لە جەیشی عێراق بەدیل گرت، لە شەڕی کوێت هەزارانیان بە دیل گیراو ئێستا خۆیان لەسەر خەڵکی بێ چەکی کورد تاقی ئەکەنەوە.

ئەگەر حکومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێ هێز بەکاربهێنێ، ئەوا داواتان لێ ئەکەین ڕێگای هێزەکانی پارتی سۆسیالیست بدەن لە ماوەی چەند سەعاتێک دا ئەگەینە شاری خانەقین، شاری خەبات و شەهیدان و خۆڕاگری و ڕێگا نادەین بێگانە پۆستاڵی ڕەشیان لە خانەقینی ئازیز جێگیر ببێت.

محەمەد حاجی مەحمود

  پێشمەرگەی دێرین

گوڵەخانە

Fly Erbil Advertisment