پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات دەنگ بە کام کاندید دەدەن

K24 – هەولێر:
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، وەک پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا گوتیشی، لایەنەکانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئازادن دەنگ بە کام کاندیدی سەرۆک کۆمار دەدەن لەبەرئەوەی لایەنە کوردییەکان رێکنەکەوتوون لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا لە هەردوو خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن.
پێشتریش هەریکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی و هاوپەیمانی سیادە رایانگەیاندبوو دەنگ بە لەتیف رەشید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدەن.