تورکیا: ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ دەستگیرکرا

K24 – هەولێر
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەی دوێنێی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵ-یان دەستگیرکردووە و دەڵێت: بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە.
سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەنجامدەری تەقینەوەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵ دەستگیرکراوە.
گوتیشی: "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدەری تەقینەوەکە لە عەفرین هاتووەتە ناو خاکی تورکیا و بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە".
سولەیمان سۆیلۆ، گوتیشی: "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دەستمان کەوتوون پەکەکە و پەیەدە لە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بەرپرسیارن".
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، بەگوێرەی دوایین ئامار شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 81 کەسی دیکەش بریندارن.