عەلی حوسێن: لەنێوان یەکێتی و پارتی پێویستمان بە لایەنی سێیەم نییە

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە

K24 - هەولێر:

عەلی حوسێن بەرپرسی نوێی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی باسی لەوەکرد، لەنێوان یەکێتی و پارتی پێویستیان بە لایەنی سێیەم نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی کانوونی یەکەمی 2022) عەلی حوسێن لە شوێنی عارف تەیفوور وەک بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستبەکاردەبێت.

عەلی حوسێن سەبارەت بە پۆستە نوێکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی کۆمەڵێك گۆڕانکاری ئەنجامدران، یەکێک لەو گۆڕانکاریانە مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە.

لەبارەی کارەکانی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، عەلی حوسێن رایگەیاند، سلێمانی و هەڵەبجە شوێنێکن کە شایەنی خزمەتی زیاترن و "ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو خزمەتە".

سەبارەت بە نزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی، ناوبراو گوتی: "ئێمە دوو حزبی جیاین، رەنگە دوو تێڕوانینی جیاوازمان هەبێت بۆ کارکردن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئێمە هاوپەیمانین لە حکومەت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش".

دەربارەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، بەرپرسی نوێی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی و پارتی ئەزموونیان هەیە لە پێکەوە کارکردن و، ئەگەر گرفتیشیان هەبێت، هەر پەیوەندییان دەبێت و گرفتەکان بە گفتوگۆ و تێگەیشتن چارەسەر دەکەن.

Fly Erbil Advertisment