تەقە لە قایمقامی رواندز دەکرێت

K24 - سۆران:
تەقە لە ئەحمەد قادر قایمقامی رواندز دەکرێت و بەسەلامەتی لە رووداوەکە رزگاری دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمشەو لە گۆڕستانی بەرگوان لە سەنتەری شاری سۆران، لەکاتی بەشداریکردنی لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی هاووڵاتییەکی کۆچکردووەی دەڤەرەکە، کۆمەڵە کەسێک هەڕەشە لە قایمقامی رواندز دەکەن و دواتر تەقەی لێدەکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ماڵی قایمقامی رواندز بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تەقەکان بەشێوەیەکی هەوایی بەسەر قایمقامی رواندزدا کراوە و سەلامەتە".
لەبارەی هۆکاری ئەو رووداوە، هەڵگورد شێخ نەجیب روونیکردەوە بەهۆی کێشەیەکی سیاسی پێش راپەڕین بووە و دواتریش چارەسەرکراوە و لەبەرئەوەی خزمی یەکترن، دووجار دوای راپەڕین پێکەوە دانیشتوون و بنەماڵەی ئەحمەد قادر نەرمییان بەرامبەر ئەو کەسانە نواندووە، بەڵام ئێستا چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ لەو بنەماڵەیە ئەو کارەیان ئەنجامداوە".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جەختی لەسەر ئەوەشکردووە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر و رووبەرووی دادگا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ئاسایشی سۆران و ناوچەکە نەکەوێتە ژێر پرسیار و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و ئاسایش لەسەر هێلن بۆ دەستگیکردنی تەقەکەرەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، بنەماڵەی بەرامبەریش پاڵشتی خۆیان بۆ حکومەت و گرتبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی ئاژاوەیان دروستکردووە، دەربڕیوە، "بۆیە هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم رووداوە لە رێگەی یاساییەوە هەموو رێکارێک دەگیرێبەر و بکەرەکانیش رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".