بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی پەیامێک لەبارەی "تیرۆرکردنی" فرسەت مەلەکی بڵاودەکەنەوە

"فرسەت مەلەکی لە رووداوێكی تەمومژاویدا بە دەستێكی رەش و لەرزۆك تیرۆركرا"

وێنەی فرسەت مەلەکی لەگەڵ موراد کانی کوردەیی -  ئەرشیف
وێنەی فرسەت مەلەکی لەگەڵ موراد کانی کوردەیی - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی پەیامێک لەبارەی "تیرۆرکردنی" فرسەت مەلەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن: فرسەت مەلەکی لە رووداوێكی تەمومژاویدا بە دەستێكی رەش و لەرزۆك تیرۆركرا.

لە پەیامی بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی، هاتووە: "فرسەت مەلەکی لە ساتەوەختی تیرۆركردنی شەهید موراد دا وەك هاوڕێیەك هاوەڵی شەهید مورادی كردبوو بۆ نان خواردنی ئێوارە لە شاری رانیە، بەداخەوە لەو رووداوەدا شەهید موراد و سێ لە هاوڕێكانی شەهید دەكرێن و كاك فرسەتیش لە لایەن ئەو هێزەوە دەستگیر دەكرێت و دوای ماوەیەك ئازاد دەكرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە: "شەهید فرسەت پیاوێكی كاسب و دەست و دڵ پاك بوو بە هیچ شێوەیەك تێكەڵی كاری سیاسی و ململانێی نەكردووە بەداخەوە لە رووداوێكی تەمومژاویدا بە دەستێكی رەش و لەرزۆك تیرۆركرا".

شەوی رابردوو 2/5/2023، لە نزیک بازگەی قەمتەران لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەقە لە فرسەت مەلەکی کرا و بە سەختی بریندارکرا، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکان فرسەت مەلەکی، تاکە شایەتحاڵی تیرۆرکردنی موراد کانی کوردەیی بوو کە لە ژیاندا بێت، چونکە لە کاتی رووداوی هێرشکردنە سەریان پێکەوە بوونە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2021)، موراد عەبدولرەحمان عەوڵا ، ناسراو بە "موراد کانی کوردەیی" و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و ھاوکار نازم) له‌ شاری رانیه‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و كوژران.

Fly Erbil Advertisment