فرسەت مەلەکی دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

تەقە لەو کەسە دەکرێت کە لەکاتی کوشتنی موراد کانی کوردەیی هاوەڵی بوو

وێنەی فرسەت مەلەکی لەگەڵ موراد کانی کوردەیی -  ئەرشیف
وێنەی فرسەت مەلەکی لەگەڵ موراد کانی کوردەیی - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

ئەمشەو لە نزیک بازگەی قەمتەران تەقە لە فرسەت مەلەکی کرا و بە سەختی برینداربووە و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی سلێمانی کراوە بەڵام دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەکی پۆلیس بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر (9:00 بۆ 9:30)ـی ئەمشەو سێشەممە (2ـی ئایاری 2023)، لە نزیک بازگەی قەمتەران لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەقە لە فرسەت مەلەکی کراوە و بە سەختی برینداریان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای برینداربوونی فرسەت مەلەکی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست لە رانییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی و راپەڕین هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە، هەندێک لەو کەسانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو رووداوی تەقەکردنە بوونە ئاماژە بەوەدەکەن، مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانی فرسەت مەلەکی دوای تەقەلیکردنی لەلایەن تەقەکەرەکانەوە بردراوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2021)، موراد عەبدولرەحمان عەوڵا ، ناسراو بە "موراد کانی کوردەیی" و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و ھاوکار نازم) له‌ شاری رانیه‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و كوژران.

لەو رووداوەشدا، فرسەت قادر ئەحمەد ناسراو بە فرسەت مەلەکی کە هاوەڵی موراد کانی کوردەیی بوو لەلایەن ئەو هێزە چەکدارەوە دەفڕێندرێت و ماوەیەک بێشەرووشوێن دەبێت تا دواتر ئازاد دەکرێت، کە بە تاکە شایەتی رووداوی دۆسیەی کوشتنی موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی دادەنرێت.

Fly Erbil Advertisment