یۆنامی لە رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەریدا: ئازادی رادەربڕین بزوێنەری سەرجەم ئازادییەکانی دیکەیە

K24 - هەولێر:
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاویکردەوە، پابەندن بە پاڵپشتیکردنی عێراقییەکان لە ئازادی رادەربڕین و مافە بنەڕەتییەکانی دیکە.
لە راگەیەندراوێکدا نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بڵاویشیکردەوە، ئازادی رادەربڕین بزوێنەری سەرجەم ئازادییەکانی دیکەیە و گرنگە بۆ کارکردنی سەرجەم کۆمەڵگا دیموکراتخوازەکان کە تیایدا دەزگا میدیاییەکان ئازاد و سەربەخۆیانە کاردەکەن.
نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، کاردەکەن بۆ برەودان بە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و بۆچوونەکان بەشێوەیەکی دروست. هاوکات، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق رایگەیاند، بێدەنگکردن و رەتکردنەوە و رێگریکردن یاخود لاوازکردنی گوتاری جەماوەری تەنها دووشت بەدەستدەهێنێت، شێواندنی وێنەی دەوڵەت و لەدەستدانی متمانەی جەماوەر.
یۆنامی راشیگەیاند، مسۆگەرکردنی رادەربڕینی کەسەکان به ئازادی و بێ ترسان له تۆڵەسەندنەوە زۆر گرنگه، ئەمەش مسۆگەرکردنی ئەوە دەگرێتەوە که چوارچێوەی یاسایی پارێزگاری دەكات له رادەربڕين لەبری ئەوەی به شێوەیەکی نایاسایی رادەربڕینەکه سنووردار بكات كاتێك یاساکان بۆ بێدەنگکردن بەکاردەهێندرێن ئازادی رادەربڕین دەکەوێته ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە، بەم شێوەیەش یەکێک له بنچینەییترین بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی لاواز دەکات.
بەیاننامەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری #عێراق بە بۆنەی 30 هەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری#WorldPressFreedomDay | #PressFreedom pic.twitter.com/AQeazj63yu
— UNAMI (@UNIraq) May 3, 2023