ئاوات شێخ جەناب: تا کێشەی گەندەڵی چارەسەرنەکرێت کێشە سیاسییەکانیش چارەسەرنابن

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بناغەی سەرەکی کێشەکان سیاسییە و تا کێشەی گەندەڵیش چارەسەرنەکرێت، کێشە سیاسییەکانیش چارەسەرنابن.

ئەمڕۆ هەینی (19ـی ئایاری 2023), ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی  و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاکێشە سیاسییەکان چارەسەرنەکرێن، کێشەکانی خەڵکیش چارەسەرنابن.

ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەکرد، :بناغەی سەرەکی کێشەکان، سیاسییە و سەرتاپای نقومی گەندەڵی بووە، تا كێشەی گەندەڵی چارەسەرنەكرێت كێشە ئابوورییه‌كان چارەسەر ناكرێن".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، بەشێکی زۆری پلان و بەرنامەی کاری تەرخانکردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین هەنگاوی گرنگی بڕیوە، هەر لە رێکخستنەوەی مووچە و نەهێشتنی چەند مووچەیی و رێکخستنەوەی باج و بە ئەلیکترۆنیکردنی خەرجی و داهاتەکان و کاروبارەکانی دیکەی دامەزراوەکانی حکومەت.

لە دوا هەنگاویشدا، رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا.

پاش گفتوگۆکردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم و رێکكاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.

Fly Erbil Advertisment