ئەمەریکا سزا بەسەر چەند کەس و کۆمپانیایەکدا دەسەپێنێت بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ ئێران

K24 - هەولێر
ئەمەریکا سزای بەسەر زیاتر لە 10 کەس و قەوارەی ئێران و چین و هۆنگ کۆنگدا سەپاند، لەنێویاندا هاوپەیمانی سەربازیی ئێران لە پەکین و تۆمەتبارکردنی بە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی کڕیار بۆ بەرنامە مووشەکی و سەربازییەکانی ئێران.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەو تۆڕەی سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە، کڕین و گواستنەوەی پارچەی هەستیار و گرنگی تەکنەلۆژیایان بۆ بەرژەوەندی لایەنە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی ئێرانی کردووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، داود دامغانی، هاوبەشی سەربازی ئێران لە پەکین، تۆمەتبار دەکات بە هەماهەنگیکردنی کڕینی کەرەستەی سەربازی لە چینەوە بۆ ئێران، لەوانەش کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی تۆڕە نایاساییەکانی نێودەوڵەتی کە بە نهێنی پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک و بەرنامە سەربازییەکانی ئێران دەکەن".
یەکێک لەو کۆمپانیا چینیانەی کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج، کۆمپانیایەکە تۆمەتبارە بە فرۆشتنى کەرەستە و خزمەتگوزاریی سەربازی و هاوکاری کردن بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران.
هەروەها سزا خرایە سەر بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمپانیا "لینگوی" ئەندازیاری کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە، سەبارەت بەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت: ئەو کۆمپانیایە کار لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکان دەکات.