سکرتێری پەدەکەسە: هەڵوێستمان لە پاڵپشیکردنی گەلی سووریا نەگۆڕە

K24 – هەولێر:
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا (پەدەکەسە) هەڵوێستی پارتەکەی لە دوای کۆنگرەی 12 دووپاتکردەوە و رایگەیاند هەڵوێستمان لە پاڵپشیکردنی گەلی سووریا بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە.
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پەدەکەسە بە کوردستان24ـی راگەیاند، گۆڕینی سەرکردایەتی پارتەکەیان نابێتە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی سیاسیی پەدەکەسە لەبارەی دۆخی سووریا و جەختی لەسەر چارەسەرکردنی سیاسیی دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە کردەوە.
سکرتێری پەدەکەسە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو هەڵومەرج و قۆناغە نوێیەی ئێستا لە سووریا هاتووەتە ئاراوە، ئەوان خۆیان ئامادەکردووە و هیواشی خواست بە چارەسەرێکی سیاسیی و بڕیارێکی نێودەوڵەتی کۆتایی بە قەیران و نەهامەتییەکانی سووریا بێت.
رۆژی دووشەممە (12ـی حوزەیرانی 2023)، دوای سێ رۆژ لە دانیشتنی بەردەوام، 12ـەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا کۆتایی هات و 26 ئەندامی کۆمیتەیی ناوەندیی پارتەکە هەڵبژێردران.
رۆژی شهممه 10ی حوزەیرانی 2023 له شاری ههولێر به بهشداری سهرۆك بارزانی و به ئامادهبوونی زیاتر له 220 ئهندام دوازدهیهمین كۆنگرهی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا دهستیپێكرد.
دوای کۆتایهاتنی کارەکانی کۆنگرەش، رۆژی پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023)، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد ئیسماعیل وەک سکرتێری نوێی پارتەکە هەڵبژێردرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەریەکە لە عەبدولحەکیم بەشار، لەزگین فەخری، نافع بیرۆ، کامیران حاجۆ و سەعید ئۆمەر وەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا هەڵبژێردران.
پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا سنووری رێکخستنەکانی لە رۆژئاوای کوردستانە و لە (14ـی حوزەیرانی 1957) دامەزراوە و دوایین کۆنگرەی پارتەکەش لە نیسانی 2014 لە هەولێر ئەنجامدرا.
بەهۆی رەوشی ئەمنی رۆژئاوای کوردستانیشەوە، جارێکی دیکە کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لە هەولێر بەڕێوەچوو.