حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە بودجەی گشتی عێراق دەدات

K24 – هەولێر
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە بودجەی گشتی عێراق دەدات.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە.
روونیکردەوە: "ئەو بڕگانەی بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژ تۆمارکردون، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئەو بڕگانە پێچەوانەی دەستووری عێراقن".
خەلیل غازی، ئاشکرای کرد، لە 12ی تەممووزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی ئەو بڕگە و ماددانەی بودجە تۆمارکردووە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: "هەر کاتێک رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە دەرکران، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن تا دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر هەر بڕگه و ماددەیەک هەڵە بوو یان لا دەدرێت یان راستی دەکرێتەوە".
گوتیشی: "تانەدان لە بودجەی عێراق رێگری لە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات".
لەلایەکی دیکە بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تۆمارکردووە و تانە لە بڕگەکانی (ئەلیف، با، ج، د، ه) لە بڕگەی دووەم لە ماددەی 12 لە یاسایی بودجەی گشتی فیدراڵی عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2023، بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025 لەسەر بنەمای پێشێلکردنی بڕگەکانی ماددەی 115، لە دەستووری عێراق.
دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 دەسەڵاتەکانی کارکردنی فیدراڵی بە ماددەی 110 دیاریکردووە، کەمەرجە تایبەتەییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە نۆ بڕگە پێکهاتووە.
لە ماددەی 115ی دەستووردا هاتووە، دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماددەکانی 111 و 112 و 113 و 114، دیاریکراون، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداو و سیاسەتەکان دەکەن و بەڕێوەی دەبەن، هەروەها لە ماددەی 115 دا هاتووە، کە دەسەڵاتەکانی دیکە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەتوانن بەهاوبەشی و بەڕێککەوتن لەسەر هەموو ماددەکانی دەستوور رێکبکەون.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی فیدراڵی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
لە 12/6/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند کرد، رۆژی 21ی حوزەیران، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد.

