مانگرتووانی کفری پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن

K24 – هەولێر:
هاووڵاتییانی کفری سوپاسی بەڵێنە گەرمیانییەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن و وەک خۆشیان ئاماژەی پێدەدەن متمانەیان بە بەڵێنەکەی سەرۆکوەزیران هەیە، هاوکات سوورن لەسەر بەردەوامی مانگرتنەکەیان تاکوو سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێن.
ئارام کەریم داوێ، رێكخهری مانگرتنی كفری و ئارام فهقێ رهحیم، یهكێك له مانگرتووانی كفری، لە میانەی بەشداریکردنیان لە باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکەت، ئارام کەریم داوێ، رایگەیاند، ئەوان بەردەوامدەبن لە مانگرتن تاکوو سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.
هاوکات راشیگەیاند، کۆمەڵێک داواکارییان هەیە، سەرەکیترینیان گۆڕینی قایمقامی قەزای کفریە، دەڵێت: "ئەگەر جەنبیان واز لە پۆستەکەیان نەهێنن خێوەتەکەیان دەگوازنەوە بۆ بەردەم بینای قایمقامییەتی قەزای کفری".
رێكخهری مانگرتنی كفری باسی لەوەشکرد، سوپاسی کوردستان24 دەکات کە دەنگیانی گەیاند، هەروەها گوتی: "ئەنجامی ئەو زوڵمەی کە لە کفری کرا متمانەی لە نێوان هاووڵاتیانی کفری و ئیدارەی خۆجێی کفری نەهێشتووە".
ئاماژەی بەوەدا، دەبێت خەڵکی کفری ئاشت بکرێنەوە و تا جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان لە مانگرتن بەردەوامدەبن.
ئارام کەریم داوێ، گوتیشی: "نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەناو خێوەتی مانگرتووانی کفری هەن".
لەلایەن خۆیەوە، ئارام فەقێ، یەکێک لە مانگرتووانی کفری، رایگەیاند، وەڵامی بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانیان وەرگرتووەتەوە چاوەڕێی وەڵامی سەرجەم داواکاریەکانیان دەکەن.
هاوکات راشگەیاند، سوپاسی بەڵێنە گەرمیانییەکەی سەرۆکوەزیران دەکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، کفری وێران بووە و نەخۆشە، پێویستە سەرکردەکان کە ئەم هەرێمە بەرێوەدەبەن بە هانایانەوە بچن و چارەسەری ئەو دۆخەیان بۆ بکەن.
ئاو مانگرتووەی کفری، روونیکردەوە، کفری لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا زیاتر لە چوار هەزار کورد ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەزار و 800 ماڵی عەرەب هاتووەنەتە جێگاکەیان.
باسی لەوەشکرد، کفری دروشمی هێز و کۆڵنەدانە، بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییان لە پلەی گەرما 55 سوورن لەسەر بەردەوامی مانگرتنەکەیان تا داواکاراییەکانیان جێبەجێدەکرێن.
گووتیشی: "ئەو بەڵێنانەی کە پێمان دراوە جێگای رێز و تەقدیرە".
رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ خەڵکی کفری ئاشکراکرد.
دوای ئەوەی رۆژی (16ـی تەمموزی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".
رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.