پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەند بڕیارێک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کفری دەرکرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کفری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیان چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات و سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیشی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێرییەکانی خەڵکی کفری.
رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستانی بۆ خەڵکی کفری ئاشکراکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانەی کفری دابینکراوە، لەگەڵ دابینکردنی سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەندروستی کە هەر ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کڕدراوە و رەوانەی قەزای کفری دەکرێت.
هاوکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە قەزاری کفری، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکردووە بۆ لێدانی پێنج بیری ئاو کە تێچووەکەی دەکاتە بڕی 80 ملیۆن دینار بۆ هەر بیرێک.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریداوە بۆ دروستکردنی چەند کارگەیەکی گەورەی وەبەرهێنان بە تایبەتی کارگەی دروستکردنی گەچ لە کفری.
هەروەها 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکی وەرزشی لەگەڵ پێداویستی و کەلوپەلی وەرزشی بۆ 24 تیپی وەرزشی کفری دابیندەکرێت.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کفری، بریتییە لە راسپاردنی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێڕییەکان و راییکردنی کارەکانی خەڵکی کفری.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی ئەو بڕیارانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داویەتی بۆ خەڵکی کفری بە کاش ئامادەیە و راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەوە، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە پێکهێندرا سەرپەرشتی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لیژنەکە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە تەندروستییەکانی خەڵکی کفری، لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی پێکدەهێندێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کفری و چارەسەرکردنی کەموڕییەکانی ناوچەکە لە رووی تەندروستییەوە.
دوای ئەوەی رۆژی (16ـی تەمموزی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".
رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.
هاوکات پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کێشەکانی شاری کفری، داوای چارەسەر و بەدواداچوونی خێرای کرد و بەڕێزیان مەبەستیەتی بە کەمترین کات ئەوەی لە توانای حکوومەت بێت، کێشەکان چارەسەر بکرێن.
ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کفری مانگرتنیان راگەیاندووە و داوای خزمەتگوزاری و ئاوڕدانەوە لە ناوچەکەیان دەکەن بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی هەلی کار کە وەک خۆیان دەڵێن، ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکەوە پشتگوێ خراون.