غازی زەنگەنە: زۆرینەی ئەوانەی قسە لەسەر دادگاکان دەکەن شارەزای یاسا نین

غازی زەنگەنە، پارێزەر
غازی زەنگەنە، پارێزەر

K24 – هەولێر:

پارێزەرێک دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی قسە لەسەر دادگاکان دەکەن ئەو کەسانەن کە شارەزای ئەلف و بێی یاسا نین، بەڵكو لە خۆیانەوە شوێنی دادگاکان دەگرنەوە و بڕیار دەدەن، چالاکوانێکی مەدەنیش دەڵێت: کاری رێکخراوەیی پردێکی پەیوەندییە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، بەڵام ئەوە کە ئێستا دەگوزرێت بەشێکە لە نایاسایبوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە دەست دەبەن بۆ پرسی دادگاکان.

غازی زەنگەنە، پارێزەر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی لێرە دەبینرێ لە هیچ وڵاتێکی دنیا بەو شێوەیە رێکخراو و کەسانی بەناو بەرگریکاری ئازادی دەستوەرنادەنە کارووباری دادگاکان، هاوکات گوتیشی: "زۆرینەی ئەوانەی قسە لەسەر دادگاکان دەکەن شارەزای یاسا نین".

لەلایەن خۆیەوە، سیروان گەردی، چالاکوانی مەدەنی، گوتی: "دادگاکانی هەرێمی کوردستان بوونەتە جێگەی قسەکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆی دەبێت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ئاراستەیەک جوانی دادگاکان نیشان بدەن و باشی دادگاکان نیشان بدەن، بۆ ئەوەی دادگا سەربەخۆ بێت و کەیسەکان تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، کاری رێکخراوەیی پردێکی پەیوەندییە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، بەڵام ئەوە کە ئێستا دەگوزرێت بەشێکە لە نایاسایبوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە دەست دەبەن بۆ پرسی دادگاکان.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دادگاکان دۆسییە یاسایی و ئەمنییەکان و تەنانەت سیاسییەکانیش یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام وەک دەگوترێت لە هەرێمی کوردستان خەریکە ئاڕاستەیەک دروستدەبێت کە رێکخراو و ناوەندە مەدەنییەکان دەیانەوێت دادگاکان بە دڵی ئەوان مامەڵە لەگەڵ تاوان و دۆسییە یاساییەکاندا بکەن.

Fly Erbil Advertisment