لە یەمەن نزیکەی سێ هەزار مین و پارچە تەقەمەنی هەڵگیراوەتەوە

لە یەمەن تەنها لە مانگی تەمووزدا، دوو هەزار و 815  مین و پارچە تەقەمەنی هەڵگیراوەتەوە
لە یەمەن تەنها لە مانگی تەمووزدا، دوو هەزار و 815  مین و پارچە تەقەمەنی هەڵگیراوەتەوە

K24 - هەولێر

لە راپۆرتێکی سعوودیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی لە مانگی تەمووزدا، نزیکەی سێ هەزار مین و پارچە تەقەمەنی لە یەمەن هەڵگیراوەتەوە.

لە یەمەن کە شەڕی ناوخۆ دەگوزەرێت، تەنها لە مانگی تەمووزدا، دوو هەزار و 815  مین و پارچە تەقەمەنی هەڵگیراوەتەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پرۆژەی (مەسام-MASAM) کە پرۆژەیەکی سعوودیە، راپۆرتێکی لەبارەی چالاکییەکانی مانگی تەمووز سەبارەت بە 'پرۆسەی هەڵگرتنەوەی مین لە یەمەن بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، کارەکانی هەڵگرتنەوە و لەناوبردنی ئەو مین و تەقەمەنییانە بەردەوامە کە حووسییەکان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و رێگاوبانەکاندا دایانناون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، لە مانگی تەمووزدا (تا 28ی تەمووز) رووبەرێک بە نزیکەی 750 هەزار مەترچوارگۆشە لە ناوچە جیاوازەکانی یەمەن لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و دوو هەزار و 374 پارچە تەقەمەنی نەتەقیو و 441 مینی تانک لەناوبراوە.

حووسییەکان لە ساڵی 2014 سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی یەمەن-یان کۆنترۆڵ کرد. لە بەرامبەریشدا ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بەڕابەرایەتی سعوودیە لە مانگی ئاداری ساڵی 2015وە تا ئێستا لە دژی حووسییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن دەکات.

بەپێی راپۆرتەکانی حکومەتی یەمەن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوەتەی شەڕی ناوخۆ لە 2014ەوە لە وڵاتە سەریهەڵداوە تا ئێستا، حووسییەکان نزیکەی دوو ملیۆن مینیان لەسەرانسەری وڵاتەکە داناوە.

بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینانەوە، هەزاران مەدەنی گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون. هەر بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە یەمەندا، زیاتر لە هەشت هەزار قوربانیی مین هەیە، کە زۆربەیان ژن و منداڵان.

Fly Erbil Advertisment