پارێزەرێکی کورد دژی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکات

K24 - هەولێر
پارێزەرێکی کورد لە دژی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق تۆماردەکات.
پارێزەرێکی کورد بە ناوی "ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی" لەبارەی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی عێراق لە مانگی ئایاری 2021، سکاڵای لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە. بەو پێیەی دادگای فیدراڵی بەپێی یاسای راگوەزری بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەپێی فەرمانی ژمارەی 30 ساڵی 2005 دامەزراوە و دوای نووسینەوەی دەستووری نوێش ئەو یاسایانەی هەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێی سکاڵاکەی ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی، لە دەستووری نوێدا هەموو رەشنووسەکانی یاسای راگوزەری بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەڵدەوەشێنەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی 15ی ئەم مانگەی بۆ دادبینی سکاڵاکەی ئەو پارێزەر کوردە داناوە و هەردوو لایەنی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە ئامادەیی دادبینییەکە بن، بەو پێیەی هەمواری دادگای فیدراڵی لەساڵی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە تێپەڕێندراوە و سەرۆکایەتی کۆماریش واژۆی لەسەرکردووە.
بەپێی ماددەی 92ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەكی سەربەخۆی دادوەری باڵایە، كە بەرزترین دەسەڵاتی داوەرییە و لە ژمارەیەك دادوەر و فوقەهای ئیسلامیی و یاسایی پێكدێت.