جموجۆڵەکانی پەکەکە لە شارباژێر دۆخی سلێمانی خستووەتە مەترسییەوە

K24 – سلێمانی:
ماوەیەکە بە هۆکارى بوونى چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى قەزاى شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی، فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى تورکیا، بە شێوەیەکى چڕ بۆردومانى ئەو سنورانە دەکات، لەوبارەیەوە چاودێران و شرۆڤەكارانی سیاسی دەڵێن، ئەو بارودۆخە، رەوشی ئەمنى و سیاسی سنوورى پارێزگاى سلێمانی خستووەتە مەترسییەوە.
بەرزان عوسمان، چاودێری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەدەرەجەى یەکەم کێ حاکمە لەم دەڤەرەى ئێمە ئەبێ ئەو بیر لە خەڵک و سەقامیگرى سیاسیى و ئابوورى مەنتیقەکەى خۆى بکاتەوە ئینجا لایەنى پەیوەندیدار کە پەکەکە و دەوڵەتى تورکیایە بە سەراحەت بە دوولایەن بوترێ کە ئێمە وەک هەرێمى کوردستان کە سەقامیگرى ناوچەکەمان هێڵى سور بێت".
بەهۆى چالاکییەکانى پەکەکەوە لە مانگى چوارى ئەمساڵەوە ئاسمانى تورکیا بە رووى فڕۆکەخانەى سلێمانى داخراوە و بڕیارەکەش تا کۆتاى ئەمساڵ بەردەوام دەبێت کە زەرەرمەندى یەکەمیش لەم بڕیارە خودى سلێمانى و هاووڵاتییەکانیەتى.
لەلایەن خۆیەوە، بەهرۆز جەعفەر، پسپۆڕى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: "پارێزگاى سلێمانى پارێزگایەکى بەرهەم هێنەر نییە دەتوانم بڵێم %90 کاڵاکانمان یان ئێرانین یان تورکین، بۆیە مامەڵەکارێکى زۆر هەن لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ تورکیا مامەڵە دەکەن، هەر لە جل و بەرگ و هەموو شتێکمانەوە لە تورکیاوە دەهێنرێن، جا ئەمە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و زەرە و زیانەکانى و ئافاتەکانى بەرەو کوێ دەڕوات، ئەم هێرشانەش ئاڵۆزتریان دەکات" .
بەڕاى چاودێران زیادبوونى چالاکییەکانى پەکەکە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و جموجۆڵیان بۆ قوڵایی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزە ئەمنیەکان و نزیکبونەوەیان لە هاووڵاتییان زیانى بە دۆخى ئەمنى و سیاسی و ئابوورى سنورەکە گەیاندووە دیارترینیان داخستنى گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان تورکیا سلێمانیە.