سه‌در سه‌باره‌ت به دووباره سووتاندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه

K24 – هه‌ولێر:
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی ده‌رباره‌ی دووباره سووتاندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز بڵاوكرده‌وه و تێیدا ژماره‌یه‌ك خاڵ ده‌ستنیشان ده‌كات و ده‌ڵێت، ده‌بێ موسڵمانان به هه‌موو مه‌زهه‌ب و تایهفهكانیانهوه په‌ند وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت، په‌یامێكی روونه بۆ هه‌مووان.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 1ـی ئابی 2023) موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا 10 خاڵی خستووه‌ته‌ڕوو و رایگه‌یاندووه، دووباره‌بوونه‌وه‌ی سووتاندنی قورئانی پیرۆز په‌یامێكه بۆ هه‌موو موسڵمانان به ته‌واوی مه‌زهه‌ب و تایه‌فه جیاوازه‌كانیانه‌وه، هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت ده‌بێت موسڵمانان په‌ند له‌و جۆره ره‌فتارانه‌ی نه‌یارانیان وه‌ربگرن.
سه‌در له‌و په‌یامه‌دا ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به قورئانی پیرۆز ده‌كرێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناخۆشه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ موسڵمان مایه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه كه له ئایین و قورئانه‌كه‌یان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، ئه‌و جۆره ره‌فتارانه ده‌ریخست دوژمنانی ئیسلام چه‌نده رقیان به‌رامبه‌ر به‌و ئایینه و په‌یامه‌كانی هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن دژی هه‌موو جۆره ئایین و په‌یامێكی دیكه‌ی ئاسمانین.
سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، دوژمنانی ئیسلام و قورئان درۆیان كرد كاتێك ده‌یانگوت هه‌موو ئایینه‌كان یه‌كن و هه‌مووان ئایینی "ئیبڕاهیم"ـین، به‌ڵام نه‌خێر ئه‌وان راست ناكه‌ن، سه‌در ده‌شڵێت، له‌و رووداوانه‌ی سووتاندن و بێڕێزكردنهی به‌رامبه‌ر به قورئان كرا، ده‌ركه‌وت گه‌لان و وڵاتانی ئیسلامی چه‌ند لاواز و بێده‌سه‌ڵاتن، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ په‌رته‌وازه‌یی و ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین فیرقه و تایه‌فه‌ی نامۆ له‌نێوان موسڵمانان ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاوكات سه‌در پێی وایه ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به قورئان ئه‌نجام ده‌درێت، پلانێكی وردتر و تاڵتری له پشته بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ هه‌موو پیرۆزییه‌كانی دیكه‌ی ئیسلام ببردرێت، له‌وانه‌ش كه‌عبه و به‌قیع و عێراق.
سه‌در ده‌ڵێت، تاوانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز هاوكاته له‌گه‌ڵ ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ندێك له وڵاتانی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. هه‌روه‌ها سه‌در بۆچوونی وایه راڤه‌ی هه‌ڵه‌ی قورئانی پیرۆز و تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له مه‌زهه‌به نامۆكانی ئیسلام، هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی رۆژئاوا و هاوئاوازانی به‌رامبه‌ر به قورئان بوێر بن و بێڕێزی پێ بكه‌ن.
به بۆچوونی سه‌در ره‌نگه سووتاندنی قورئانی پیرۆز رووداوێك بێت خوای گه‌وره موسڵمانان و باوه‌ڕدارانی پێ تاقی بكاته‌وه، بوونی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به‌رده‌وامی تووڕه‌یی خودا به‌رامبه‌ر به موسڵمانان.
سه‌در له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، دووباره‌بوونه‌وه‌ی سووتاندنی قورئانی پیرۆز له به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق به‌بێ ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی عێراق بووه‌ته رووگه‌ی جیهان.