چیایی تەیموور: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای دەرکردنی یاسای نەوت و غازی کردووە

چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیش داوای دەرکردنی یاسای نەوت و غازی کردووە، هاوکات گوتیشی: بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان.

چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەدنییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە و هەرێم رۆژانە نزیکەی 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات کە لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەکاری دەهێننەوە.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، راشیگەیاند،  ئەگەری هەیە ئاستەنگ بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا درووستبکرێت، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان نایانەوێت هەولێر و بەغدا رێکبکەون.

ئاماژەی بەوەشدا، بەسیک لەلایەنە سیاسییە عەرەبییەکان پێیانوایە ئەگەر سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکات ئەوا وەک دەستکەوتێک بۆ خودی خۆی ئەژمار دەکرێت، بۆیە رێگرن لە چارەسەرکردنی کیسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لەبارەی یاسای نەوت و گاز، چیایی تەیموور، گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای دەرکردنی یاسای نەوت و غازی کردووە.

گوتیشی: حکومەتەکانی پێشووی عێراقیش بەردەوام رێگربوونە لەبەردەم دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، چونکە ئەگەر یاساکە بەپیێ دەستوور جێبەجێ بکرێت ئەوا لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە نەیانویشتووە ئەو یاسایە دەربکرێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت شاندی سیاسی زۆر بەهێز لە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیارن و سەرۆک هەرێم، بێنە بەغدا و رێککەوتنی سیاسی کۆنکرێتی بکەن، ئەگەر نا ئەو نەفەسەی لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە هەر رەشنووسێک بێت لە بەرژەوەندی میلەتی کورد بێت، بەو نەفەسەی کە هەیانە بڕواناکەم جێبەجێی بکەن، بۆیە دەبێت پەنا بۆ رێککەوتنی سیاسی کۆنکرێتی ببرێت".

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

خاوەندرایەتی سەرچاوە نەوتییەکان و دۆسیەی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، لە خاڵە سەرەکییەکانی یاسای نەوت و غازی فیدراڵین و کە زۆرترین گفتوگۆشی لەبارەوە کراوە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

هاوکات بە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش، کاریگەری لەسەر سەرجەم چالاکییە نەوتییەکان لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، بەهۆی ئەوەی هەموو چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە گەڕان، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، جیاکردنەوەی پێکهاتەکان و پرۆسەی کۆکردنەوە، هەڵگرتن، گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو یاسایە جێبەجێ دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەو یاسایەدا رەچاوی سەرجەم رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، هەروەها هەموو ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە دوو قۆڵی یان زیاتر ئەنجامیداوە، رەچاو دەکرێت، دوای پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.

ئەوەی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کە رێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و غاز هەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

Fly Erbil Advertisment