وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق هۆکاری بلۆککردنی تێلێگرام ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام لەسەر بنەمای رێنماییەکانی دەسەڵاتی باڵا بووە، دەشڵێت، چەندین جار داوایان لە کۆمپانیای پەیوەندیدار کردووە کە هاوکار بن لە داخستنی ئەو پلاتفۆرمانەی کە داتای دامودەزگا فەرمییەکانی وڵات و داتای کەسیی هاووڵاتیان دزەپێدەکەن، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.

وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام، روونکردنەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیاریان دا بە بلۆككردنی ئەپلیکەیشنی تەلەگرام لە عێراق، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و بۆ پاراستنی داتا کەسییەکان.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە، بڕیاری بلۆککردنی تەلەگرام بەپێی ڕێنماییەکانی دەسەڵاتە باڵاکانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی بووە، بەو پێیەی دەرکەوتووە کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکە زانیاریە کەسییەکانی هاووڵاتیان دزەیپێکراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رێزگرتن لە مافەکانی هاووڵاتیان بۆ ئازادی رادەربڕین و پەیوەندیکردن دووپاتدەکاتەوە و ئاماژەی بەوەشدا، بەبێ ئەوەی زیان بە ئاسایشی وڵات و دامودەزگاکانی بگەیەنێت و متمانەی خۆیان بە تێگەیشتنی هاووڵاتیان بۆ ئەم رێکارە دەردەبڕن.

Fly Erbil Advertisment