نەزاکەت حوسێن: ئەوەی بەرامبەر بە کوردستان24 کرا پێشێلکاری بوو

نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان
نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان

K24 – هەولێر:

سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، رایگەیاند، نابێت رێگری و سووکایەتی بە رۆژنامەنووسان بکرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە کوردستان24 کرا پێشێلکاری بوو.

نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو جارێک کە راپۆرت ئامادە دەکەین، راپۆرتی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان رێگریکردن و جیاکاری زۆرترین رێژەی پێشەلکارییەکانن کە تۆمار دەکرێن.

هاوکات راشیگەیاند، رێگریکردن و جیاکارای هەردووکیان پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێچەوانەی یاسای ئازادی رادەربڕینە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم کارەی ئەمڕۆ کە بەرامبەر بە پەیامنێری کوردستان24 کرا سوکایەتییە بە رۆژنامەنووسان و رێگەپێدراو نییە.

سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، روونیکردەوە، کاتێک ئەو شوێنەی کە خۆی پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسانی کەناڵەکانی دیکە ئەنجام دەدات، رۆژنامەنووسێکی خۆی رێگری لێ بکرێت دەیکاتە هەڵڵا و داوا دەکات سەندیکا بێتە سەر هێل داوا دەکات بەیاننامە دەربکرێت، "بەڵام خۆی هەمان رەفتار بەرانبەر بە رۆژنامەنووسانی لایەنانی دیکە دووبارە دەکاتەوە.

نەزاکەت حوسێن، دەڵێت: نابێت رێگری و سووکایەتی بە رۆژنامەنووسان بکرێت.

سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو حاڵەتانە دەکات کە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت و ئیدانەی دەکەن.

باسی لەوەشکرد، زۆربەی رۆژنامەنووسان کە سکاڵا لای ئەوان تۆمار دەکەن، دەڵێن، "کاتێک لەسەر بانگهێشتی لایەنێک دەچینە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبەرچاو رۆژنامەنووس و کەناڵەکانی دیکە  ئێمە دەشکێنن دەرمان دەکەن، ئەمەش دووجار سووکایتییە".

نەزاکەت حوسێن، گوتی: "ئێمە وەک سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەردەوام بەدووداچوونمان هەیە ئەو حاڵەتانە وەک پیشێلکاری تۆماری دەکەین، لەلایەن هەر کەسێکیش ئەو پیشێلکارییە ئەنجامدرابێت ئێمە ناوی ئەو کەسە و ئەو دەزگایە لە راپۆرتەکانمان ئاماژە پێدەکەین".

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئابی 2023، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای لە کەناڵەکانی راگەیاندن و لەنێویاندا کوردستان24 کرد، کاتژمێر 03:00ـی ئێوارە، لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەکە ئامادەبن بۆ گواستنەوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحید.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، لە کاتی خۆیدا لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەی نەوەی ئامادەبوو، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەک هەبێت، رێگرییان لێ کرد بچێتە نێو ئەو هۆڵەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی تێدا دەبەسترا.

ئەمە لە کاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەبێت ئازادی رادەربڕین هەبێت، بەڵام لای ئەو پێچەوانەکەی بینرا.

کوردستان24 بەردەوام هەوڵی داوە دەنگ و رەنگی لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە، بەڵام ئەمە چەندین جارە رێگری لێ دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment