شەمەندەفەرەکەی کیم جۆنگ ئون؛ کۆشکێک لەسەر هێڵی ئاسنین

K24 - هەولێر:
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ کۆبوونەوەی ئەمجارەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، بە شەمەندەفەرە تایبەتەکەی سەردانی رووسیای کرد، کە هاوشێوەی کۆشکێکە و لەسەر هێڵی ئاسنینە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئەیلوول، ئاژانسی تاسی رووسی ئاشکرایکرد، شەمەندەفەرەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور گەیشتووەتە هەرێمی پریمۆرسکی رووسیا لە سیبریا و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
بۆچی کیم جۆنگ ئون بە شەمەندەفەر گەشت دەکات؟
کیم جۆنگ ئون هاوشێوەی ستالین و سەرۆکەکانی نێو خێزانی کیم هەتا پێیان بکرایە، خۆیان بەدوور دەگرت لە گەشتکردن بە فڕۆکە، ئەمەش بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان.
کیم جۆن ئونیش تا ئێستا لەم نەریتە نەهاتووەتەدەر و هاوشێوەی باوک و باپیری بە شەمەندەفەر گەشتەکانی دەکات.
سەرۆکی کۆریای باکوور ساڵی 2018 بە شەمەندەفەرە گوللـەنەبڕەکەی چووە پەکین و ساڵی دواتریش، چووە هانۆی پایتەختی ڤێتنام بۆ بینینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا.
شەمەندەفەرەکەی کیم لە 2019، 60 کاتژمێری پێچوو تا لە کۆریای باکوورەوە گەیشتە پایتەختی ڤێتنام، لە ساڵی 2001ـیش باوکی کیم جۆن ئون، بە شەمەندەفەرێک بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوت، کە تەواوی گەشتەکە 24 رۆژی خایاند و لەو ماوەیەدا شەمەندەفەرەکە زیاتر لە 20 هەزار کیلۆمەتری بڕی.
کۆنستنتین پولیکۆڤسکی، بەرپرسێکی رووسییە کە بانگهێشتی شەمەندەفەرەکە کرابوو، ئەو شایەتحاڵی ئەو خزمەتگوزاریانەیە کە لە شەمەندەفەرەکەدا بەردەست بووە، لەوانە خواردنی دەریایی و شەرابی فەرەنسی گرانبەها.
بەپێی گێرانەوە فەرمییەکانی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئیل لە شەمەندەفەرەکەدا بووە کاتێک لە ساڵی 2011 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، لەکاتی "سەردانێکی مەیدانی" بۆ پارێزگایەک.
ئێستا ئەو شەمەندەفەرانەی کیم جۆنگ ئیل و کیم ئیل سۆنگ، باوک و باپیری سەرۆکی کۆریای باکوور هاتووچۆیان پێکردووە، لە کۆشکی کومسوسان لە پیۆنگ یانگ دانراون، کە هەر لەوێش تەرمەکانیان نێژراون.
تایبەتمەندییەکانی شەمەندەفەرەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور
شەمەندەفەرەکەی کیم جۆنگ ئون، بە تەواوی گوللـەنەبڕە و لە پیۆنگ یانگ چەند دانەیەکی هاوشێوەی لێ دروستکراوە، جگە لەوەی سەرنشینەکانی لە گوللـە و تەقینەوە دەپارێزێت، لە شەمەندەفەرەکەدا چەکی قورس و هێلیکۆپتەر هەن، کە لەکاتی نەخوازراودا دەکرێت بەکاربهێندرێن.
بەهۆی چەک و قورسی ئەو کەرەستانەی لێی دروستکراوە، شەمەندەفەرەکە ناتوانێت لە خێرایی 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاتر بڕوات، بەڵام لەکاتێکدا هێرشی بکرێتەسەر زۆر لە فڕۆکە پارێزراوترە، هەروەها لەکاتە نەخوازراوەکاندا دەتوانێت ئاراستەی خۆی بگۆڕێت.