کیم جۆنگ ئون گەیشتە رووسیا

K24 - هەولێر:
ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی ساتی گەیشتتنی شەمەندەفەرەکەی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکووری بۆ سنوورەکانی رووسیا بڵاوکردەوە.
ئاژانسی تاسی رووسی ئاشکرایکرد، شەمەندەفەرەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور گەیشتووەتە هەرێمی پریمۆرسکی رووسیا لە سیبریا و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسە رووسیەکە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی کیم جۆنگ ئون و ڤلادیمێر پوتن ئەنجامدانی گرێبەستی نوێی چەکە لەنێوان هەردوو وڵات.
پێش کۆبوونەوەشی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڤلادیمێر پوتن ئاماژەی بەوەدا، سزا و هۆشدارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا هیچ کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ نابێت.
دوایین سەردانی کیم جۆنگ ئون بۆ لای پوتن، چوار ساڵ لەمەوبەر بوو، کۆبوونەوەی جاری رابردوویان تەنیا بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بابەتی دیبلۆماسی بوو، بەڵام ئەمجارە کۆبوونەوەکە ئامانجی دیکەی هەیە.
کۆریای باکوور لەدوای 1953ـەوە بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە، بەڵام یەکێکە لە پڕچەکترین وڵاتانی جیهان و بە نەیارێکی سەرەکی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دادەنرێت.
بە گوێرەی هەواڵێكی نیویۆرک تایمس، رووسیا چاوی لە چەک و تەقەمەنییەکانی کۆریای باکوورە و لەبەرانبەریشدا، کۆریای باکوور دەیەوێت سوود لەو تەکنەلۆجیایانە وەربگرێت کە رووسیا لە ژێردەریاییە سەربازییەکاندا و لە مانگە دەستکردەکاندا بەکاریاندەهێنێت.