عێراق کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووك نۆژەن ناکاتەوە و دانیشتوانەکەشی دەڵێن لە داهاتەکەی سوودمەند نەبووین

کێلگەی نەوتی بای حەسەن - وێنە: ئەرشیف
کێلگەی نەوتی بای حەسەن - وێنە: ئەرشیف

K24 – کەرکووک:

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24ـدا، هاووڵاتییانی کەرکووک دەڵێن بە درێژایی مێژووی شارەکەیان داهاتی نەوت لە خزمەتی ئەواندا نەبووە و نەوتی شارەکەیان نەبووە بەسەرچاوەی خۆشگوزەرانیان و ناشزانن داهاتی نەوتی کەرکووک بۆ کوێ دەڕوات.

پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان، مانگانە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرا و تەنیا داهاتی دوو مانگی ئەمساڵی نەوتی کەرکووک، 400 ملیار دیناربووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شارەکە و بەتایبەتی ناوچە کوردنشینەکان، خزمەتگوزاری سەرەتاییان پێنەگەیشتووە.

کامێرای کوردستان24 ئەو دیمەنانەی تۆمارکردووە، لە بیستەکانی سەدەی رابردووەوە، گڕی ئاگری کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک هەر دەسووتێ، هەتا چاویش بڕبکات دووکەڵی رەشی ئاگرەکە بە ئاسمانی کەرکووکدا بڵاودەبێتەوە.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 چووەتە گەڕەکەکانی نزیک لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەڵێت، بە دیمەنەکانی ناو ئەم گەڕەکانە بێت، هێشتا هاووڵاتییان سوودمەند نەبوونە لە داهاتی نەوتی شارەکەیان، سەعد عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەکی کەرکووکە و ماڵەکەی لە نزیک کێڵگەیەکی نەوتە، هێشتا خزمەتگوزاری سەرەتاییان پێ نەگەشتووە، بۆیە بڕیاریداوە ماڵەکەی بپێچێتەوە و لەو گەڕەکە بڕوات، ئەو بە کوردستان24ـی گوت، "ئێمە سوودمەند نەبووینە لەداهاتی نەوت و هیچ شتێکمان بۆ نەکراوە".

زۆربەی ماڵەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکان، دانیشتوانەکەی کوردن و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەسەر خانووەکانیان نووسیوە بۆ فرۆشتن، فەتحوڵڵا عەلی، هاووڵاتییەکی دیکەی شارەکەیە و دەڵێت، "جیاوازی لە نێوان گەڕەکەکان دەکەن و ئێمە هیچ خزمەتگوزارییەکمان پێنەگەشتووە".

پێنج کێڵگەى سەرەکیی نەوت لە کەرکووک هەن کە بریتین لە هاڤانا، جەمبوور، خەبازە، باباگوڕگوڕ و باى حەسەن، بەهۆی کۆنبوونی بیرە نەوتەکان و نۆژەننەکردنەوەیان، ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت بۆ  180 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.

لەلایەن خۆیەوە، سیروان مستەفا، شارەزای بواری نەوت بۆ کوردستان24، جەختی کەسەر ئەوەکردەوە، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کۆن بوونە و ئەمە کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت لە داهاتوودا.

هەروەها شارەزایان ئاماژە بەوەش دەکەن، کاریگەری نەرێنی ژینگەیی و مەترسییەکانیشی بۆ سەر تەندروستی دانیشتووانی نزیک لە کێڵگە نەوتییەکان و شارەکە بەگشتی زیاتر دەبێت.

Fly Erbil Advertisment