ئایدن مەعروف: هەر بڕیارێک دژی کورسی پێکهاتەکان بدرێت کاریگەری خراپی دەبێت

K24 - هەولێر
لە دژی پێکهاتەکان سكاڵایەك لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمار کراوە و بڕیارە 5ی مانگی داهاتوو دادگا لەبارەیەوە كۆببێتەوە، سکاڵاکە تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کورسی کۆتای پێکهاتەکان، ئەگەر دادگا پێچەوانەی پێکهاتەکان بڕیار بدات ئەوا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان بەركار دەبێت، كە كورسییەكانی پەرلەمان كەم دەكاتەوە. توركمان پێنج كورسی لەدەست دەدات، نیگەرانە و نوێنەری بەرەی توركمانی دەڵێ: هەر بڕیارێک دژی کورسی پێکهاتەکان بدرێت کاریگەری خراپی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22 تشرینی یەکەمی 2023، ئایدن مەعرف وەزیری هەریم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "چەند لایەنێک سکاڵایان کردووە بۆ ئەوەی کورسی کۆتا دابەش بکرێت بەسەر چەند پارێزگایەک، لە بنەمادا ئەو سکاڵایە هەڵەیە بۆ بردنی دادگای فیدڕاڵی، چونکە کۆتا تایبەت بە پێکهاتەکان و بۆ نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان، بەڵام لە یاسای هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و چەسپاوە، ئێمە قبووڵمان نییە".
ئایدن مەعروف، دەڵێ: "ئێمە پێشتریش گوتمان هەر گۆڕانکارییەک هەر پرسێک کە تایبەت بە پێکهاتەکان، پێویستە بە راوێژ کردن لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان بکرێت، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە لە دادگای فیدڕاڵ، داواشمان کردووە و داواش دەکەینەوە کە ئەم سکاڵایە رەتبکاتەوە، چونکە تایبەتمەندی خۆی هەیە کە تایبەتە بەرەوشی پێکهاتەکان، ئەگەر هاتوو، هەر بڕیارێک دژی کورسی کۆتا بدرێت، ئەوە کایگەری خراپی دەبێت، باش نابێت لەسەر رەوشی پێکهاتەکان".
گوتیشی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری بابەتەکە دەکەین، چەندین جار دانیشتنەکانمان لە دادگای فیدڕاڵ دواخراوە، بەڵام لە دواجاریش دواخرا بۆ 5/11/2023 دانیشتنەکەش تایبەت دەبێت، بە یاسای هەڵبژاردن و کۆتا".
ئایدن مەعروف، کە سەرۆکی بەرەی تورکمانییە لە هەولێر، باسی لەوەشکرد: "داواکراوە لە دادگای فیدراڵی عێراق، بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 کوردستان هەڵبژاردنی داهاتوو بکرێت، ئەوکاتە کۆتا تورکمانەکانی تێدا نابێت و تورکمان کە نەتەوەیەکی گرنگ و گەورەیە لە کوردستان، بێبەش دەبێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، ئەوکاتە تەنیا کرستیانەکان 5 کورسی کۆتای هەبوو، لێرەدا ئەمە نا دادپەروەرییە بۆ پێکهاتەکان و دەستوەردانە بۆ ئێمە وەکو پێکهاتە، دەبێت بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "کورسی کۆتا کراوە بە بابەتێکی سیاسی، ئێمە نامەنەوێت بە سیاسی بکرێت، چونکە لە هیچ لایەنێک نین، هەندێک لایەن دەیانەوێت گرفت دروست بکەن بۆ مەبەستی سیاسی. ئێمە لە دەرەوەی ئەو شەڕە سیاسییەن،و دەمەناوێت بە پێکەوە ژیان بژین".
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون، سکاڵاکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
ئا: لاڤین عومەر