عادل مەلا حەسەن: حکومەتی عێراق هەماهەنگ نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان

K24 – هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق هەماهەنگ نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. دەشڵێت: دواکەوتنی هێنانەوەی ژمارەیەک لە رووفاتی ئەنفالکراوان لە سەماوە پەیوەندی بە سکاڵایەکەوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 28 تشرینی یەکەمی 2023، عادل مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، راگەیاند، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەپێی یاسای ژمارە 8 ساڵی 2006 کار دەکات، پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش تەنیا پەیوەستە بەو وەزارەتە.
عادل مەلا حەسەن گوتی: "لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ساڵی 2019 بە فەرمانی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تیمێکی شەهیدان و ئەنفلکراوان دروستکرد، لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەرانی تەکنیکیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەت، رەوانەی بیابانەکانی سەماوە کرا، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، ئەوانیش بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2006 کاردەکەن".
گوتیشی، "یەکێک لە گردۆڵەکان بەناوی تەلشێخییە کە سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لەوێ دەستنیشان کرابوون، لە یەکێک لەو گۆڕانەدا 171 رووفاتی کورد لەوێ دۆزرانەوە. لەو رووفاتانەی کە دۆزرانەوە، زۆربەیان منداڵ و ئافرەتی کوردستان بوون، بە پێی رێکارە زانستییەکان راستەوخۆ پشکنینیان لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەنجامدراوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی پێویست رەوانەی پزیشکی دادوەری کراون لە بەغدا رووفاتەکان پارێزراون".
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خستەڕوو کە وەزارەتەکەیان لەم رووەوە کەمتەرخەم نەبووە، جگە لەوەی کە وەزارەت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بە راستەوخۆیی بۆ هێنانەوەی ئەو رووفاتانە، لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران گفتووگۆ کراوە و نووسراوی فەرمیش کراوە، لەوێش رەزامەندی دراوە و بودجەی پێویستیتیش تەرخان کراوە، گۆڕەکانیش ئامادەن.
ئاماژەشدا: "بەشێک لە خانەوادەی شەهیدەکان لە سنووری گەرمیان و چەمچەماڵ، سکاڵایەکیان پێشکەش کردووە لە بەغدا، لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو، فەرمانگەی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق گەڕاندونەوەی رووفاتەکانی دواخست و دادگا بۆ خۆی چاوی لەسەر ئەم پرسە بوو، هۆکاری دواکەوتنەکە ئەو سكاڵا یاساییە بوو".
عادل مەلا حەسەن، دەشڵیت: "وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفاکراوان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار دووپاتی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکومەتی عێراق، کار بە یاسای 132 ناکات و هەماهەنگ نەبووە بۆ پرسی قەڕەبوو کردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی، دەتوانین بڵێین دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی تر، جگە لەم گۆڕە لە عێراق ئامادەییمان دەربڕیووە کە ئەوانیش بهێنینەوە، بەڵام حکومەتی عێراقی مەرجی ئەوەیان هەبووە هەتا ئەم گۆڕە یەکلایی نەبێتەوە، هەماهەنگ نابن بۆ ئەوەی گۆڕەکانی تر هەڵبدەنەوە".
باسی لەوەشکرد، زانیاری وردیان هەیە، لە تەلشێخە هەر لە هەمان شوێن لە پارێزگای سەماوە، چەند گۆڕێکی تری بە کۆمەڵ هەن، وەکخۆی دەڵێ: "لەگەڵ چوونی تیمەکەمان لەوێ ئەوە دەرکەوتووە، بەشێکی زۆری بیابانەکانی عێراق پڕن لە گۆڕی بەکۆمەڵ و رووفاتی ئەنفالکراوان، کە لەکاتی ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعس لەوێ بەخاک سپێردراون، وەزیری کاروباری شەهیدان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سهرۆكی حکومەت، لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە گەرمیان و چەمچەماڵ. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەرمیان و چەمچەماڵ گەیشتوونەتە رێكکەوتن ئەوان خواستی ئەوەیان هەبووە بۆ گەڕاندنەوەکە پشکنینی دی ئێن ئەی بکرێت".
دەشڵێت: "پشکنینی "دی ئێن ئەی" تەواو هەستیارە، وا ئاسان نییە، لەم بابەتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە توانا زانستییەکانی خۆی بەتایبەت لە ئێستادا، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تاقیگەی "دی ئێن ئەی"مان هەیە، تاکە تاقیگەشە کە پشتی پێدەبەسترێت لە هەرێمی کوردستان، ئێستا هەماهەنگیمان هەیە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆردێکمان هەیە بەناوی بۆردی منداڵە ونبووەکان، بۆ ئەوەی لەکاتی دۆزینەوەی هەر منداڵێکی بێسەروشوێن بوو بزانرێت سەر بە چ خانەوادەیەکە لەوێ "دی ئێن ئەی' بۆ دەکرێت".
دووپاتیکردەوە: "بۆ ئەم پرسە پشت بە تاقیگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستن، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، هیچ گرفتێکمان نییە لەم بابەتەدا، تەواو زانستی و یاساییە، پشکنینەکان دەکرێت و دواجاریش بڕیار دەدەین".