جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: هێز بۆ ئیسرائیل نانێرین

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: SAUL LOEB / AFP)
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: SAUL LOEB / AFP)

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە نیازی ناردنی هێزی سەربازییان بۆ ئیسرائیل هەبێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە، پێویستە ئیسرائیل  " حەماس و خەڵکی سڤیلی غەززە" لە یەکدی جیابکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئۆکتۆبەری 2023، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس"ـی ئەمەریکی، رایگەیاند، "ئیدارەی جۆو بایدن هیچ نیازێکی بۆ ناردنی هێز بۆ ئیسرائیل نییە، بەڵام لەڕێگەی پێدانی راوێژ و ناردنی کەرەستەی سەربازییەوە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات".

بە گوتەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، "ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لەخۆی هەیە، بەڵام پێویستە حەماس و خەڵکی سڤیلی غەززە لەیەکدی جیابکرێنەوە".

وەکو ئەوەی کامالا هاریس ئاماژەی پێ دەدات، "هەڵوێستی ئەمەریکا روونە و پێویستە فەڵەستینییەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسیی خۆیان هەبێت و بەشکۆ و رێزەوە لەسەر خاکی خۆیان بژین".

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردووەتەوە، هێزێکی دەریایی خێرایی ئەمەریکی، کە لە 26 کەشتی دەریایی هێرشبەر پێکهاتووە، بە ئاراستەی رۆژهەڵات دەریای ناوەڕاست کەوتووەتە ڕێ. بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ئێستا کەشتیەکە لە دەریایی سوورە و، پێشبینی دەکرێت، بەم نزیکانە بە دەریای سپی ناوەڕاست تبێپەڕێت.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و، تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماوەی چەند هەفتەیەکە بە چڕی دەستیان بە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کردووە.

بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە ماوەی 23 رۆژی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە سێ هەزار و 342ـیان منداڵ، دوو هەزار و 62ـیان ئافرەت و 460ـیان بە ساڵاچوون. هاوکات زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش بریندارن.

لە بەرامبەریشدا، بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی حەماسەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی سڤیل کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندارن.

Fly Erbil Advertisment