حکومەتی سلۆڤاکیا ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا رادەگرێت

ئاڵای سلۆڤاکیا و ئۆکرانیا
ئاڵای سلۆڤاکیا و ئۆکرانیا

K24 – هەولێر:

حکومەتی نوێی سلۆڤاکیا پاکێجێکی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا بە بەهای 40.3 ملیۆن یۆرۆ کە لەلایەن حکومەتی پێشووەوە پەسەندکرابوو، راگرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2023) حکومەتی نوێی سلۆڤاکیا، دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست و بەڵێنیدا پاڵپشتییەکانیان بۆ یارمەتییە مرۆیی و مەدەنییەکان سنووردار بکات، بۆیە پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا بە بەهای 40.3 ملیۆن یۆرۆ کە لەلایەن حکومەتی پێشووەوە پەسەندکرابوو راگرت.

حکومەتەکە بە پارتێکی توندڕەوی لایەنگری رووسیا هەژمار دەکرێت لە بڕیارنامەکەدا کە ئەمڕۆ پەسەندکراوە، رایگەیاندووە، "رازی نییە بە پێشنیاری بەخشینی کەرەستەی سەربازی بە ئۆکرانیا".

دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی نوێی سلۆڤاکیا ، راگرتنی ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، کە یەکەم گۆڕانکاری لەو شێوەیە بوو لەلایەن هاوپەیمانەکانی رۆژئاواوە.

فیکۆ لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، دوای ئەوەی وەک سەرۆکی حکومەتێکی هاوپەیمانی دەستنیشانکرا کە بە پارتێکی توندڕەوی لایەنگری رووسیای هەژماردەکرێت، ئاماژەی بەوەدا، کە کۆمیسیۆنی ئەوروپای لە بڕیارەکەی ئاگادارکردووەتەوە.

هەروەها پەرلەمانی سلۆڤاکیاشی ئاگادارکردەوە کە حکومەتەکەی پێی وایە، "ئەو هاوکارییە تەنها هاوکاری مرۆیی و مەدەنییە و چیتر چەک بۆ ئۆکرانیا دابین ناکەین".

سلۆڤاکیا لە سەرەتای دەستپێکی لەشکرکێشی رووسیا لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە هاوکاری سەربازیی بە بەهای 671 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.

لە شوباتی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد و بەدەیان هەزار کەس کوژران و زیاتر لە پێنج ملیۆن ئۆکرانیش ئاوارەبوون.

Fly Erbil Advertisment