کەوتنەخوارەوەی بەرزکەرەوەیەک لە بەغدا گیانلەدەستدانی سێ کرێکاری ئێزدی لێکەوتەوە

K24 - هەولێر
بەرزکەرەوەیەک لە یەکێک لە باڵەخانەکانی بەغدا کەوتەخوارەوە و لە ئەنجامدا سێ کرێکاری کوردی ئێزدی گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24؛ سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، نزیکەی کاتژمێر 09:00، سێ گەنجی کوردی ئێزدی بە ناوەکانی (حەسەن عەلی زەندین، ناییف خزر حەجی و سەعدون موراد سینو) لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی بەرزکەرەوەیەک لە باڵەخانەیەکی بەغدا گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە لە باڵەخانەیەکی 17 نهۆمیی ناوچەی کازمییەی بەغدا کە کاری تێیدا دەکرا روویداوە. پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت، هەر سێ گەنجەکە دانیشتووی کۆمەڵگەی خانەسوورێ و ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگالن و تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 22 ساڵیدایە.
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق؛ له ساڵی 2022، له سەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە 72 كرێكار له كاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوه و زیاتر له چوار هەزار و 404 كرێكاری دیکەش برینداربوون.
.jpg)