حکومەتی چاد داوای لە چوار دیپلۆماتکاری سوودانی کردووە ئەو وڵاتە جێبهێڵن

K24 - هەولێر
حکومەتی چاد رایگەیاند، فەرمانییان بە چوار دیپلۆماتی سوودانی کردووە، کە لەماوەی 72 کاتژمێر ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی هەندێک "لێدوانی مەترسیدار"ی ئەو بەرپرسانە کە دەستوەردانی لە ململانێکانی وڵاتەکەیان کردووە.
ئەو دیپلۆماتکارانە راوێژکاری یەکەمی باڵیۆزخانە و هاوپەیمانی بەرگری و دوو کونسوڵن.
گوتەبێژی حکومەتی چاد، لە بەیاننامەکەدا رایگەیاند، ئەو بڕیارە دوای "قسەی مەترسیدار و بێ بنەما" هاتووە کە لەلایەن لیوا یاسر عەتا فەرماندەی باڵای سوپای سوودانەوە دراوە و لەلایەن وەزیری دەرەوەی سوودانیش لە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی دوبارە کراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دووبارەکردنەوەی ئەم لێدوانانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوودان سەبارەت بە چاد و حکومەتەکەی، بە سادەیی قبوڵنەکراو و دوژمنکارانەیە و کارنامەیەکی شاراوە دەگرێتەوە.
لە 15 نیسانی رابردوو شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، لەو کاتەوە بە سەدان هەزار سوودانی ئاوارەی وڵاتی چاد بوون کە هاو سنوورە لەگەڵ سوودان.