ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

K24 - هەولێر
ئیدارەی ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر 10 قەوارە و چوار کەس لە ئێران، مالیزیا، هۆنگ کۆنگ و ئەندەنوسیا راگەیاند، بەهۆی "پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ بەرنامە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران".
برایان نێڵسن، بریکاری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نایاساییەکان لە ئێران و پیشکەشکردن بە لایەنگرەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا بەردەوامی دەدات لە درێژکردنەوەی گرژییەکان و ململانێکان و تێکدانی سەقامگیری".
ئاماژەی بەوەشکرد، 10 قەوارە و چوار کەس لە ئێران، مالیزیا، هۆنگ کۆنگ و ئەندەنوسیا، بەهۆی "پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ بەرنامە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران"، سزایان بەسەردا سەپێنرا.
ئەمەریکا راشیگەیاند، ئەو کەسانەی کە بونەتە ئامانجی سزاکان، یارمەتی ئێرانیان داوە کە "دەستی بە کەرەستە ئەمەریکی و بیانییەکان بگات بۆ بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، بە گوژمەی سەدان هەزار دۆلار".