ئەعرەجی: ئەم خانووەی مووشەک بارانکراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییە و بارەگای موساد نییە

قاسم ئەعرەجی سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق
قاسم ئەعرەجی سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق

K24 - هەولێر

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی؛ ئاشكرایە و بۆمان روون بووەتەوە ئەم خانووەی مووشەک بارانکراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییە، نەک بنکەی موسادی ئیسرائیل.

ئاماژەیدا، حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران رێککەوتنێکی ئەمنی هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە رێککەوتنەکە و هەنگاوی باشنراوە، بۆیە حکومەتی عێراق رێککاری پێویست دەگرێتەبەر.

گوتیشی: بوونی گومانی ئەوەی، گوایە بنکەی موساد ئیسرائیل هەبێت لێرە، هەموو خانووەکەمان بینیوە و بۆمان روون بووەتەوە، ئەمە خانووی بازرگانێکی مەدەنییە و ئەو پڕوپاگەندانەش دوورن لە راستی، گوایە بارەگایەکی موساد ئیسرائیلی کراوەتە ئامانج، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە و هەڵوێستێکی روونمان لە ئاست رووداوێکی وەهادا دەبێت.

راشیگەیاند، لەگەڵ هەردوو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووین تا لە نزیکەوە ئاگاداری بارۆدۆخەکە بین، سەردانی ماڵی پێشڕەو دزەییمان کرد و قەبارەی هێرشەکە زۆر گەورەیە و خانووەکەی بە تەواوی وێرانکردووە، ماڵ و منداڵەکانی پێشرەو رووبەڕووی زەرەر و زیانێکی ماددی و گیانی گەورە بوونەتەوە.

ئەعرەجی گوتیشی: جگە لە شوێنی هێرشە مووشەکییەکان، لە نەخۆشخانە فریاکەوتن، سەردانی بریندارەکانمان کرد، هەموو ئەمانە هەڵدەسەنگێنین و راپۆرەتەکە پێشکەشی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین.

Fly Erbil Advertisment