سەرکردەکانی ئێران و حزبوڵڵا یارمەتیی حووسیەکان دەدەن لە دەریای سوور هێرش بکەن

K24-هەولێر:
چوار سەرچاوەی هەرێمی و دوو سەرچاوەی ئێرانی ئاشکرای دەکەن، سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی و حزبوڵلای لوبنانی کە لە یەمەنن، هاوکاریی حووسیەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە دەریای سوور هێرش بکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
ئەمڕۆ شەممە(20ی کانوونی دووەمی 2024)،سەرچاوە هەرێمییەکان ئاشکرایان کردووە، ئێران راهێنانی بە حووسیەکان کردووە و چەکی پێداون و پشتیوانیان دەکات، ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئێران بۆ گرووپەکان چڕتر بۆتەوە، پاش ئەوەی بزووتنەوەی حەماس کە ئێران پشتیوانی دەکات، لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.
ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، تاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو، لەگەڵ مووشەکی کروزی دژ بە کەشتیی و مووشەکی بالیستیی کە دەتوانێت زۆر بە وردی ئامانجەکانی بپێکێت، هاوکات مووشەکی دووری مامناوەندی بە حووسیەکان داوە، کە لەرێی ئەو چەکانەوە، لە تشرینی دووەمەوە دەستیان بە بۆردومانی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە لە دەریای سووردا.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، سەرکردەو راوێژکارە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، پشتیوانی شارەزایی، داتا و زانیاریی هەواڵگریی بە حووسیەکان دەدات لەبارەی ئەو دەیان کەشتییە بازرگانییەی رۆژانە بە رێڕەوە ئاوییەکاندا لە دەریای سووردا بەرەو ئیسرائیل تێپەڕ دەبن .