ئەمەریکا چاوی لە سیستەمێکی بەهێزی داراییە بۆ عێراق

K24 – هەولێر
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق خۆشحاڵی خۆیی بۆ سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا دەبڕیوە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پشتیوانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی سیستەمێکی پاک و بەهێزی دارایی، کە خزمەتی گەلی عێراق بکات.
ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی، وڵاتەکەی ئامانجێکی هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە خاوەنی سیستەمێکی پاک و بەهێز دارایی لە پێناو راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر، کە دواجار سوودەکانی لەبەرژەوەندی گەلی عێراق بێت.
رۆمانۆوسکی خۆشحاڵی خۆیی بۆ سەردانەکەی براین نێلسن گەورە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا دەربڕیوە.
هەروەها براین نێلسن، گەورە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا دەربارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاندبوو، سەردانەکەی بۆ عێراق بەرهەمداربوو، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی سیستەمی دارایی گفتوگۆیان کردووە، بەو ئامانجەی حکومەتی عێراق ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت لە پێناو پاراستنی سیستەمی دارایی ئەمەریکا و عێراق لە ساختەکاری.
سەردانی گەورە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، کە وەزارەتەکە رۆژی دووشهممه (29ـی كانوونی دووهمی 2024) بانکی هودای عێراقی بەهۆی تێوەگلانی لە پارەدارکردنی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران، خستە لیستی سزاکانییەوە.
هەروەها رایگەیاندبوو، لەپێناو پاراستنی سیستەمی دارایی عێراق و نێودەوڵەتی، چەند هەنگاوێک بەرانبەر بەو بانکە دەگرێتەبەر. لە نێویاندا پچڕاندنی پەیوەندییە داراییەکانی بانکی هودا لە سیستەمی دارایی ئەمەریکا و سامانی دەرەکی خاوەنی بانکەکەشی خستە لیستی سزاکانی.